وەرزی بهار سەرجەم خۆشییە و شنەبای لەگەڵ یەکابوون
25گوڵانی 1404 لە سەیرانگەی سەریاس بنەماڵەی بەڕێزی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی پاوە لە دەوری یەک کۆ بوونەوە تا بیرەوەرییەکی تر بۆ مێژووی ئەم جەماعەتە تۆمار بکەن.
دوای مانگی بیرو ڕا، بۆ چۆنیەتی بەڕێوبەردنی ئەم بەرنامەیە، شوکر بۆ خوای گەورە سەرەڕای نالەباربوونی کەش و هەوا، بەربەیانی پێنج‌شەمەی 25گوڵانی 1404 سەیرانگەی سەریاس بە بەرامەی بەشداریی ئەندامانی بەڕێزی شاری پاوە بۆنخۆش و سەربەرز بوو.
دەستەی بەڕێوبەرایەتی وەکوو هموو ساڵێ ڕێکخەری بەرنامە بوو تا جارێکی تر یارانی ئیمانی لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە تا کات و ساتانێکی پڕ لە ئیمان و برایەتی لەگەڵ یەکا بەسەر برن.
میوانە تایبەتەکانی ئەم کۆبوونەوە کاک میقداد پیرساحیب جێگری ئەمینداری گشتیی جەماعەت و کاک سەتتاری ئایینەپوور ئەندامی لێژنەی باڵای جەماعەت بوون.
کاک سەتتار ئاماژەی بە قۆناغەکانی بانگەوازی ئیسلامی کرد و سەرنجی بەشداربووانی بە هۆنراوەی: «اَلا یا اَیُّهَا السّاقی اَدِرْ کَأسَاً و ناوِلْها/ که عشق آسان نمود اوّل ولی افتاد مشکل‌ها» ڕاکێشا کە سەرەتای هاتنمان بە زەوق و شادی بوو، بەڵام بۆ گەیشتن بەسەر لوتکەی ئیمان و زانین کۆسپانێکی زۆر یەک لەدوای یەک هاتنە سەرێی بانگخوازان.
بەڕێزیان ئاماژەی بە خۆڕاگری و لێبووردەیی خەڵکی غەززە کرد و گوتیان کە ئەم خۆڕاگرییە ئەبێ بۆ ئێمە سەرمەشق بێت.
ئەندامی ناوەندیی جەماعەت لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لە ژیانی پێغەمبەری خۆشەویست کرد و گوتی وڵامی ئەو خۆشەویستە بۆ ملهۆڕانی سەردمی نەفامی ئەو ڕۆژە ئەمە بو: «ئەگەر خۆر بخەنە دەستی ڕاستم و مانگ لە دەستی چەپم، بەبێ دوودڵی هەرگیزای هەرگیز دەست لەم بانگەوازە هەڵناگرم.»
پێش وتاری کاک سەتتار، کاک عەلی‌ئەشرەف لوتفی سەرۆکی بەرێوبەرایەتی جەماعەتی پاوە دوای بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان ئاماژەی بە چەند خاڵێک سەبارەت بە ئامانجی ئەم کۆبوونەوە و هۆی ئەم جۆرە بەڕێوبردنە کرد.
درێژەی بەرنامەکان بە نووسراوەی خوشکی بەڕێز دادە شەیدا ئەعزەمی بۆ غەززە بەردەوام بوو و بە هۆنراوەی دادە شەیما و پەخشانی دادە ڕوونیا کۆتایی بەم بەشە لە بەرنامەکان هات.
بەشی دووی بەرنامەکان تایبەتی مناڵەکان بوو کە بەڕاستی سەرنجڕاکێش و جێ ڕێز بوو لە بەڕێوبەرانی بەشی مناڵان و مێرمناڵان کە بەو جوانی و ڕێکوپێکییەوە بەڕێوە چوو.
سەیرانی ئەوساڵ، لەگەڵ کەشوهەوای بارانی و کاتژمێرێک درەنگ‌کەوتن، بە خوێندنی نوێژی نیوەڕۆ بە جەماعەت دەستی پێ کرد و تامەزرۆیی و شادومانی زیاتری بە بەشداربووان بەخشی. ئەو بەرنامەیە هەروەک ساڵانی ڕابردوو، بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی لێژنەی کارگێڕیی پاوە و پشتبەستن بە خوای گەورە بەرێوە چوو و تا کاتژمێر شەشی ئێوارە درێژەی کێشا.
ئەو کۆبوونەوەیە وەک ساڵانی ڕابردوو، دەرفەتێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی هەڤاڵانی بڕوادار و نوێکردنەوەی ئیمان لە دڵەکاندا.
لەگەڵ ڕێز و پێزانین، پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی پاوە
۲۶ی گوڵانی ۱۴۰۴